Discover
Panjara Podcast | پۆدکاستی پەنجەرە
25 Episodes
Reverse
لە پەنجەرەی ئەمجارەدا ئەزموون و چیرۆکی مامۆستا ئیسماعیل خورماڵی دەخەینە بەرچاو و گوێ، چیرۆکێک کە سەرەتاکەی هونەر و سروود و شانۆیە و ئێستاش نووسینەوەی چیرۆکەکەی بە بەڕێوەبردن و بازرگانیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی درێژە پێئەدات.مامۆستا ئیسماعیل ئەزمونێکی زۆری لەگەڵ چەندین کاری جیاوازدا هەیە، کاری کردووە لەناو چەندین نەتەوە و زمان و کلتوری جۆراوجۆر، سەرباری ئەزموونێکی زۆر؛ دەیەوێت ئەم ئەزموون و فێربوونەش هاوبەشیی پێبکات لەگەڵ گەنج و لاوەکانی سەردەمدا، ئەمەش وای کردووە هەمیشە لەناو گەنجاندا بێت و دەستگیرۆیان بێت.ئێمەی گەنج هەمیشە پێویستمان بە وەرگرتنی ئەزموونی کەسانی سەرکەوتوو و پێشەنگە، تاوەکو لە ژیانی خۆماندا بەپێی گونجاویی لەگەڵ ژیانماندا بەکاری بێنین، ئەم ئەزموونەی جەنابی مامۆستاش شایەنی کات بۆ تەرخانکردنە، پەنجەرەیەکی کراوەیە بۆ هەرکەسێک کە ویستی وەرگرتنی ئەزموونی نوێی هەبێت.#پۆدكاستی_پەنجەرە#وێنەوئاوازی_ژیان#پەنجەرە#panjara#PanjaraPodcast
پەنجەرەی ئەم جارەمان پەنجەرەیەکی پڕ لە گفتوگۆی هەستیارە، ئەو پرسیار و گومانانەی لە خۆی گرتووە کە ڕەنگە مێشکی زۆرینەمانی سەرقاڵ کردبێ، پەنجەرەکە بەڕووی ئاینداری و نەتەوایەتی و بیروباوەڕەکانمان سەبارەت بە دین و دونیا و ئەولەویەتی گرنگییەکانمان کراوەتەوە، ئەپرسین بۆچی هەڵوێستەکانمان جیاوازن و بیرکردنەوەکانمان لەسەر هەمان بابەت دژ بە یەکن؟ بۆچی زۆرجار لەسەر یەک بابەت چەندین بیروبۆچوونی جیاوازمان گوێ لێدەبێ کە زۆرجار کار ئەگاتە مشتومڕ و توندگۆیی؟د.نوعمان محمد ئەڵماس، توێژەر لە بواری فەلسەفە و فیکری ئیسلامی و مامۆستای زانکۆ، میوانی ئەم پەنجەرەیەمانە، پێکەوە تەواوی ئەو بابەتانەی جێ گرنگیمانن قسەیان لەسەر دەکەین و ڕوونیان دەکەینەوە و گومانەکانیان لەسەر دەڕەوێنینەوە.پەنجەرەکەی د.نوعمان، گرنگە بۆ هەر گەنجێک کە دەیەوێ هۆشیار و بە ئاگا بێت هەم لە ئاینەکەی و هەمیش لە دونیا و سەردەمی نوێدا.#پۆدكاستی_پەنجەرە#وێنەوئاوازی_ژیان#پەنجەرە#panjara#PanjaraPodcast
پەنجەرەی ئەمجارەمان تەرخانکردووە بۆ باسکردنی یەکێک لە گرنگترین زمانەکانی جیهان و سەردەم، وە گرنگترین زمانی دووەم لە ڕوانگەی ئێمەی کوردی مسوڵمانی نیشتەجێی سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەویش زمانی عەرەبییە.لەگەڵ دکتۆر و ڕاهێنەری بەتوانا و دیاری کوردستان د.عبدالله ئەدهەم باس لە ڕێککارەکان و ڕێگاکانی فێربوونی زمانی عەرەبی دەکەین، باس لە هەموو ئەو ئاستەنگانە دەکەین لە ڕێگای فێربوونی زمانی عەرەبی دێتە ڕێگامان، گرنگیی زانینی زمانی عەرەبی باس دەکەین و ڕوونی دەکەینەوە کە بۆچی فێری زمانەکە ببین، وە لە کۆتاییشدا بە هەژەند و دیارییەکی تایبەتتان پێشكەش دەكەین، بۆیە هاوڕێی بەردەم ئەم پەنجەرەیە بەن هەتا کۆتایی.لینیكی فۆڕمی بەشداریكردن:https://forms.gle/X3rUiSJSZquH4bus6#پۆدكاستی_پەنجەرە#وێنەوئاوازی_ژیان#پەنجەرە#panjara#PanjaraPodcast
پەنجەرەی ئەمجارە پەنجەرەیەکی جیاوازە، بەڕووی زانست و توێژینەوە زانستییە ئەزموونییەكان دەکرێتەوە، پەنجەرەیەکی پڕ وانە و زانیاری و بەرچاو ڕۆشنی دەکەینەوە.د.عزیز بەرزنجی، پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ، لەلایەن زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکییەوە؛ بۆ دووەم جار لەدوای یەک وەکو یەکێک لە ٪٢ـی باشترین زانایانی جیهان ناسێندرا لە بواری زانستی فیزیادا، ئەمەش دەستکەوتی چەندین ساڵ هەوڵ و ماندووبوون و شەونوخونی و گەڕان بەدوای زانستی کاک دکتۆرە و، بەم جۆرە بووەتە جێگای شانازی خوێندکاران و زانست خوازانی کوردستان و تەنانەت جیهانیش.کاک دکتۆر یەکێکە لەو توێژەرانەی کە زۆرترین توێژینەوەی زانستی لە بوارەکەی خۆیدا بەردەست خستووە و بە تەواوی یەکلاییە بۆ ئەو بوارە، وە کار گەیشتووەتە ئەوەی کە بە زمانی کوردییش پەڕتوکی زانستی بنووسن و لەم دواییانەدا پێکەوە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی پەڕتوکێکیان بە چاپ گەیاندووە، بەم جۆرەش بە خێزانی خۆیان خستووەتە خزمەتی زانست و فێربوونەوە.پەنجەرەیەکی ڕەنگینە، لێی بێبەش مەبن.
پەنجەرەی نوێمان، دەلاقەیەکی پڕ لە ئەزموون و زانیاری و شارەزاییە، پێکەوە لەگەڵ د.جعفر عمر پزیشکی پسپۆڕی دەروونی دەچینە ناو کۆمەڵێک باس و خواسی گرنگی پەیوەست بە دەروونناسی و ئەزموونی کەسییەوە، وە لەسەر بناغەی ساڵانێک ئەزموونی کار کردنی کاک دکتۆر، دەست دەخەینە سەر هەندێ لەو هەڵە تێگەیشتنە باوانەی کە لەناو کۆمەڵگەی کوردییدا ڕەواجی پێ دەدرێ و بەشێکیان تا ئێستاش بەردەوامن، لەوانە بابەتەکانی وەکو چاوەزار و سیحر و نوشتە و ڕۆیشتنە ناوەوەی جنۆکە بۆ ناو لەشی مرۆڤ، چیرۆکی ڕاستەقینەی چارەخوازە دەروونییەکان دەگێڕینەوە کە کاک دکتۆر و هاوڕێ پزیشکەکانیشی ڕۆژانە لە کلینیکەکانیان دەیانبینن و چارەسەری ئەو چارەسەرە هەڵانە دەکەن کە بۆ نەخۆشە خاوەن حاڵەتە هەستیارەکان کراون، بە بەکارهێنانی بەڵگەی باوەڕپێکراوی ئاینی و زانستیی پزیشکی ڕوونکردنەوە لەسەر ڕاستی و درووستیی ئەم بابەتانە دەبیستین.بەدەر لەوانەش، باسکردنی ئەزموونی نووسینی کاک دکتۆر جعفر هێڵێکی سەرەکییە، کە بەڕێزیان نووسەری هەشت کتێبی كوردیی دەوڵەمەند و بێوەێنەن، پەیوەست بە دەروونناسیی منداڵان و خێزان و دایباب و پەروەردە، هەروەها نووسراویان هەیە لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە خوێندکارانی پۆلی دووانزە، جگە لەوەی کە خاوەنی زۆرترین توێژینەوەی زانستییە لە بوارەکەی خۆیدا و جێپەنجەیەکی گەورەی جێهێشتووە. لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین لەگەڵ کردنەوەی پەنجەرەی نوێمان؛ چاو و مێشک و دونیابینییمان دەکرێتەوە بەڕووی بابەتانێکی هەستیار و گرنگ و کەم بیستراو و تۆز لەسەر نیشتوو، پەنجەرەیەکی ڕەنگینە لە دەستی مەدەن.
فێربوونی زمانێکی نوێی بەدەر لە زمانی دایک، لە پێشینەترین ویستی گەنجانی سەردەمە، لەگەڵ پێشکەوتنی لایەنی ئەکادیمی و توێژینەوە زانستییەکان و کرانەوەی خەڵکی بەڕووی دونیا و کلتورە جیاوازەکان، ئیدی ئامڕازەکانی پێشکەوتنی مرۆڤەکان و گەشتنیان بە ئامانج و بەرهەمی زیاتر زیادیان کرد، گرنگترینیان فێربوون و زانینی زمانە بەناوبانگەکانی جیهانە.مامۆستا غەریب، خاوەن و بەڕێوەبەری پەیمانگای نۆستاڵجیا و، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دوو گەورەترین تێست سەنتەری IELS لە سلێمانی و هەولێر، میوانی پەنجەرەی ئەم جارەمانە، پێکەوە بە وردی دەچینە گفتوگۆیەکی قووڵەوە دەربارەی فێربوونی زمانی ئینگلیزی، باس لە گرنگی و بایەخی زانینی زمانەکە ئەکەین لە سەردەمی نوێدا، ئامڕاز و ڕێککارەکانی فێربوونی دەخەینە ڕوو.مامۆستا غەریب چیرۆکێکی پڕ لە بەرزی و نزمی هەیە، ئەزموونێک کە پڕاوپڕە لە شەڕکردن لەگەڵ ژیان لە پێناو فێربوون و گەشەسەندن، چەندین ساڵ کاری شوانی و حەمباڵی و کرێکاری، دواتر جێهێشتنی خاک و کلتور و ڕۆیشتن بۆ شاری موسڵ بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس، ئەمە لە کاتێکدا کە باری گوزەرانی خراپ بوو، دۆخی ئەمن و ئاسایش لە مەترسیدا بوو، وە زمانی عەرەبیشی نەدەزانی...! جا بۆیە لەدەست خۆتانی مەدەن.
لەم ئەڵقەیەدا، پەنجەرەیەک دەکەینەوە بۆ دونیای زیرەکی دەستکرد (AI). گەشتێکی سەرنجڕاکێشە بۆ ناو دونیای تەکنەلۆژیای نوێ و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانمان، بە زمانێکی سادە و ڕوون، پەنجەرەیەکی نوێ دەکەینەوە بۆ تێگەیشتن لەم دونیا بەرفراوانە.
#پەنجەرە #AI #پۆدکاست #زیرەکی_دەستکرد
قەزوان، ئەو دارە ڕەسەنە كوردییەی كە لە دێرینەوە بە چەندین شێوە سوودی هەبووە - لە خواردن ـەوە تا دەرمان و تەنانەت جوانكاریی وەكو تەزبیح - ئەمڕۆ دەبێتە هێما و وانەیەكی جوان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ناوەڕۆكی كوردی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا.لەم ئەڵقەیەدا، كاك داوەر لهۆنی، چیرۆكی خۆدۆزینەوەیمان بۆ دەگێڕێتەوە، لەدوای ئەزموونێكی چەند ساڵە و زۆرباشی Full Stack Developer، دوای ئەوەی كە خۆی دەدۆزێتەوە و هەست بە توانا و لێهاتووییەكانی دیكەی دەكات، بڕیار دەدات ئەو بوارە بەجێ بهێڵێت.لە كاتێكدا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕ بوون لە ناوەڕۆكی بێ بەها و زیانبەخش، پێویستیمان بە گۆڕانكارییەكی گەورە هەیە. كاك داوەر ڕێنماییمان دەكات چۆن بتوانین ناوەڕۆكی بەسوود و بەهادار بەرهەم بهێنین كە لەگەڵ پێداویستی و خواستی بینەر و بیسەری كورددا بگونجێت. چۆن بتوانین بڕاندی كەسیمان بكەینە ئامرازێك بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و بەها لە كۆمەڵگادا.كاك داوەر وەك ڕاوێژكاری بڕاندی كەسی، فێرمان دەكات چۆن ناوەڕۆكەكانمان بكەینە بەشێك لە كەسایەتی و شوناسی خۆمان، چۆن ببینە نموونە و سەرچاوەی متمانە بۆ ئەوانەی شوێنمان دەكەون. فێرمان دەكات چۆن بڕاندی كەسی ببەستینەوە بە بەها و سوودەوە، نەك تەنها بە ناوبانگ و ژمارەی فۆڵۆوەرەوە.وەك چۆن قەزوان لە هەر وەرزێكدا بەرهەمێكی نوێ و سوودێكی نوێی هەیە، ئاوها دەبێت ئێمەش لە هەر پلاتفۆرمێك و بە شێوازێك، بەردەوام ببینە سەرچاوەی ناوەڕۆكی بەسوود و، هاوسەنگی لەدەستچووی نێوان ناوەڕۆكی باش و ناوەڕۆكی خراپ بگەڕێنینەوە. تەنها بەم شێوەیە دەتوانین تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكەینە سەكۆیەكی بەهادار و وەك قەزوان، ببینە سەرچاوەی سوود و چاكە بۆ گەلەكەمان.
لەم پەنجەرەیەدا، چیرۆكی سەرنجڕاكێشی گەنجێکی چل ساڵە دەگێڕینەوە، کاک سەرمەد محمد، كە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراوی دا پاش ساڵانێک لە ئەزموونی جیاوازی کار کردن، لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردووی کار کردنیدا هیچ بەڕێوەبەرێکی نەبووە، كۆمەڵێك كۆمپانیای سەركەوتووی دامەزراند، یەک لەوانە گروپی کۆمپانیاکانی هاما بۆ کاری ڕیکلام و بەرهەمهێنان، کە کۆمپانیایەک بوو پڕ لە داهێنان و نوێگەری لە کاری بەرهەمهێنانی کوردییدا، دواتر ئەم پیاوە گەیشتە ئەو بڕوایەی كە كاتی گۆڕانكارییەكی گەورە هاتووە، دەیویست سنووری زیاتر ببڕێت و گەورەتر ببێت.لە كاتێكدا كە زۆربەی خەڵكی لە تەمەنی چل ساڵیدا بەدوای سەقامگیری و ئارامیدا دەگەڕێن، ئەم پیاوە بڕیاری دا واز لە دەستكەوت و بەرهەمەکانی ڕابردووی بهێنێت و لە سفرەوە و لەڕێگایەکی نوێوە دەست پێبكاتەوە، جێی پرسیارە کە بۆچی كەسێك لە ترۆپكی سەركەوتندا ئامادەیە هەموو شتێك جێبهێڵێت؟ چۆن مرۆڤ دەتوانێت دەست لە ئاسوودەیی و دڵنیایی هەڵبگرێت و بەرەو نادیار هەنگاو بنێت؟ کارەکانی هامای ڕاگرت و کۆمپانیای بونیانی دامەزراند بۆ کاروباری خانووبەرە، کۆمپانیایەک کە بڕیارە جیاوازبێت لەوانەی پێش خۆی و تا ئێستا لە عێراق و کوردستاندا بوونی نەبووبێت، کە ئەمەش یەکسانە بە بڕیار و سەرکێشی و ئەزموونێکی نوێ و نەکراو.لەم ئەڵقەیەی پەنجەرەدا، بە قووڵی دەچینە ناو بیركردنەوە و هەست و بڕیارەکانی کاک سەرمەدەوە، باس لە ترس و گومانەكانی دەكەین، باس لە وزەی بێ شومار و ویستی بەردەوامیی و توانای بڕیاردانە قورسەکان دەکەین، هۆكارەكانی هەڵبژاردنی ئەم ڕێگا قورسانە دەدۆزینەوە و سەیری ئەو ئاستەنگ و دەرفەتانە دەكەین كە لە ڕێگای ئەم گەشتە تاقەتپڕوکێنەدا دێنە پێش هەر کەسێک کە پیایاندا تێپەڕ دەبێت. ئەم پۆدکاستە، گەنجینەیەکی ئامادەکراوی ڕەنگینە، پێشکەش بە هەر گەنجێک کە وێڵی دۆزینەوەی گەنجینەیەکی لەم جۆرەیە.
پەنجەرەی ئەم جارەمان دەکەینەوە بەڕووی چیرۆکێکی سەرنج ڕاکێشدا، چیرۆکێک کە لە شوانیکردنی قەلەوە دەست پێدەکات و دەڕوات بەرەو دونیایەکی فراوانی کار کردن، چیرۆکی پیاوێکی ٤٠ ساڵان دەگێڕینەوە کە پاش ساڵانێک لە هەوڵدان و گەڕان و خۆدۆزینەوە، دەستی گەیشت بە دەیان کاری گەورە، سەرباری ئەوانەش لە ڕۆیشتن بەرەو خاڵی گەورەتر نەوەستاوە و هێشتا دەگەڕێ و وێڵی فێربوونی زیاترە، لەم نێوانەدا پەیوەندییەکانی فراوان بوون و گەشتی چەندان وڵاتی ئەنجامداوە.لەم پەنجەرەیەدا، م.یادگار قادر چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە و ڕوو لە گەنجان دەکات و دەڵێت: هەوڵ بدەن، مەوەستن، هیوابڕاو مەبن، فێربن و بەردەوام بن، پەیامدار و سوودبەخش بن بۆ خۆتان و چواردەورتان.
لە کۆمەڵگەی کوردەواریی خۆماندا، بە شێوەیەکی گشتی هەتاوەکو دوای تەواو کردنی قۆناغەکانی خوێندن کار ناکەین، وە پاش تەواو کردنی خوێندنیش، یەكێك لە بەربەستەكانی بەردەممان نەبوونی ئەزموون و شارەزاییە دەربارەی بازاڕی کار، کە لە هەموو شوێنێکی کارکردن داوامان لێ ئەکەن دەربارەی و لەبەر ئەوە کارمان دەست ناکەوێت و تووشی فشارێکی دەروونیی زۆر دەبین. لە پەنجەرەی ئەم جارەماندا، کاک ڕزگار لاین، کە خاوەنی ئەزموونێکی زۆری کار کردنە لە بواری ڕاوێژکاریی کار لە دامەزراوە جیاوازەکاندا، بە شێوەیەکی سادە و ڕەوان زۆرینەی فشارەکانمان بۆ دەڕەوێنێتەوە دەربارەی ژیانی كار و کارکردن. بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە پێش و پاش تەواوکردنی خوێندن چی بکەین، تاوەکو ئەزموونێکی باش دەربارەی بازاڕی کار پەیدا بکەین و ببینە هەڵبژاردەیەکی گونجاو و نایاب بۆ کارکردن لە کۆمپانیا و دامەزراوەکان یاخود دامەزراندنی کاری سەربەخۆی خۆمان.
باسی پەنجەرەی ئەم جارەمان، چیرۆکی گەنجێکی شاری سلێمانییە کە هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە خولیای کاری فۆتۆگرافی هەبووە، لەو پێناوەدا هەنگاوی زۆر قورسی ناوە لە ژیانیدا. لە هەمان کاتدا لەپێناو دابینکردنی بژێوی ژیاندا باجی زۆری داوە، تا گەیشتە ئەوەی بە پارەی پاشەکەوتکراوی کارانێکی تاقەتپڕوکێن یەکەم کامێرای کڕی لە ژیانیدا. ڕۆژ بە ڕۆژ هاوڕێیەتیی لەگەڵ فۆتۆگرافی و دیزاین و كاری هونەری زیادی کرد، تا وای لێهات بەهۆی لێهاتووییەکانییەوە لەو بوارەدا کاری لەگەڵ دەزگا جیهانییەکانی وەکو National Geographic و CNN و چەندانی دیكەش.لەم پەنجەرەیەوە، چیرۆکی کاک ڕامیار دەکەینە ئیلهام بەخشی هەر گەنجێک کە خولیای خۆپێگەیاندن و خۆپێشخستنی هەیە لەو بوارەی کە خۆی حەزی پێیەتی.
“کۆتا قۆناغی ئامادەیی، ئەو قۆناغەی خوێندن کە جیاوازە لە هەموو قۆناغەکانی تر، خوێندکاری ئامادەیی لەگەڵ گەیشتنی بەم ئاستەی خوێندن ئیدی مرۆڤەکەی جاران نامێنێت و دەبێتە کەسێکی تر، ژیان لەو ساڵ و کاتەدا یەکسان دەبێت بە پۆلی ١٢ و هەموو خەون و خولیا و ئاواتەکان بە دەوری ئەنجامی کۆتایی ئەم قۆناغەدا دەسوڕێنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی فشارێکی کەمەر شکێن و ورووژم هێنانی ترسێکی زۆر بۆ خوێندکارەکە، تا دەگاتە ئاستێک؛ خوێندکار تووشی دەیان کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە.
م.کامەران عبدالله، پاش زیاتر لە ٢٠ ساڵ گوزەر کردن بەناو ئەزموونی وانە وتنەوەدا لە ئاستە جیاوازەکانی خوێندندا و مامەڵەکردن لەگەڵ هەزاران خوێندکار، شارەزایانە گفتوگۆمان لەگەڵ دەکات و لەم پەنجەرەیەدا دەست دەخاتە سەر برینەکان و دواتر پێکەوە بە وردی ساڕێژی برینەکان دەکەین، ئەم پەنجەرەیە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی هیوا بۆ هەر خوێندکارێک کە بەهۆی هەڵە تێگەیشتنی لە قۆناغەکە تووشی بێ هیوایی بووە، لێرەوە تەواوی بیرکردنەوە هەڵەکان و تێگەیشتنە ناواقعییەکان ڕووناک دەکەینەوە و پێکەوە پەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە بەڕووی ژیاندا.”
لە وەرزی نوێ و لە پەنجەرەی یەکەمماندا، لەگەڵ ئەندازیار موسلیم محمد گفتوگۆیەکی قوڵ و درێژ ئەنجامدەدەین، دەچینە ناو باسی بەرزی و نزمییەکانی ژیان، گوزەرێک دەکەین بە ناو قۆناغە جیاوازەکانی خۆپێگەیاندن و خۆ بەرەوپێشبردن، جەنابی ئەندازیار چیرۆکی ژیانی خۆیمان بۆ باس دەکات، چیرۆکێک لە کرێکارییەوە بەرەو کردنەوەی لقی کۆمپانیای پاسیڤ هاوس لە کوردستان و عێراق و، گەڕان بەناو چەندین شار و وڵات لە پێناو زیادکردنی لێهاتوییەکانی پەیوەست بە کارەوە، کاک موسلیم گەلێک پەیامی گرنگ و پڕ بایەخمان پێ ئەدات لەم پەنجەرەیەدا، بە جۆرێک پاش بەشداربوونمان لە تەواوی گفتوگۆکە، هیچ کاممان ناتوانین پاساو بهێنینەوە بۆ پێشخستنی توانا و لێهاتووییەکانمان. دەتوانن لە یوتیوب بە دەنگ و ڕەنگیشەوە بیسەر و بینەریش بن:https://www.youtube.com/@Panjaraa0
لە کۆتاییدا و دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر، پاش وەرزێکی ئەزموونی، یەكەمین وەرزی پۆدکاستی پەنجەرە دەستپێدەكات.لەم ئەڵقەیەدا، و لە یەكەم دیمانەماندا پەنجەرە و تیمی پەنجەرەتان پێ دەناسێنین.لە هەر ئەڵقەیەکدا، میوانێک بانگهێشت دەکەین بۆ گفتوگۆکردن و هاوبەشیکردنی ئەزموون و چیرۆکە تایبەتەکانی خۆی.هەر چیرۆکێک كە سەرچاوەی ئیلهام و فێربوون بێت بۆ هەموومان.پێکەوە لەم گەشتە نوێیەدا ژیانمان بە بیستن و بینینی چیرۆکە جیاوازەکان دەوڵەمەندتر بکەین. پەڕەكانی پەنجەرە لە سۆشیاڵ میدیا:http://panjara.bio.link/
https://www.instagram.com/kolleng_group?igsh=MXE2ZnFya3NseW8zbA==
mohammed.rasheed@golden-resource.com
https://www.facebook.com/goldenresourceiraq




دەستان خۆش و ماندوو نەبنەوە❤️